من و پنجێک گیا
هەموو جارێ ،
کە بەهار دێ ،
بە دیار پنجێک گیای سەوزەوە
بە ئەسپایی هەڵدەتروشکێم.
سەرنج دەدەم
گەڵاکانی پاراوترن لە ساڵی پار .
دەحەپەسێم !
چما منیش پنجێک گیا نیم ؟
ئەدی بۆچی
ساڵەو ساڵ، بەهارەو بەهار ،
سەوزاییەکەم دادەمرکێ و
زێتر دەکشێم بەرەو کەنار ؟
عەبدوڵا پەشێو
نالی
Nalí نالی لەگەڵ ھەر دو میری بابانی ھاوکاتی خۆی واتە سلێمان پاشا و ئەحمەد پاشا پەیوەندییەکی باشی ھەبووە. ئەم پەیوەندییەش لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمانە هەندێ بەڵگەن لەسەر ئەو پەیوەندییە:
ئەو غەزەلەی که سەرەتاکەی ئەم بەیتەیە:
بولبولی طەبعم ئەوا دسان ثەناخوانی دەکات
که تێیدا دەڵێت:
هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوه یەقین
خۆی که دامێنگیری شاهی ئاصەفی ثانی دەکات
شاهی ئاصەفی یەکەم حەزرەتی سولەیمان پێغەمبەر بووه که شالیارەکەی ناوی ئاصەفی کوڕی بەرخیا بووه و مەبەستی له شای دووەمی ئاصەفیش، سولەیمان پاشای بابانه.
ئەو غەزەلەی، ئەوەی یەکەم بەیتی ئەمەیه:
ئەم تاقمه موماتزه کەوا خاصەیی شاهن
ئاشوبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن
ئەوانەش هەمووی بریتییه له پیاهەڵدان و باسکردنی تاقمه سوپایەک. دەبێت ئەو سوپایه سوپای کێ بووبێت، ئەگەر هیی سلێمان پاشای بابان یان ئەحمەد پاشای کوڕی نەبووبێت؛ بەتایبەتی، که پەڕتووەکەکانی مێژوو دەڵێن، ئەم ئەحمەد پاشایە سوپایەکی ڕێکوپێکی و تازه بابەتی پێکهێناوه. وەکو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەڵێت: "نازانم 'نالی' له کاتی دەستەڵاتی ئەحمەد پاشادا له سولەیمانی ماوەتەوه و ئەو سوپایەی به چاوی خۆی بینیوه و باسەکەیان بۆ گێڕاوەتەوه و دووربەدوور پێناسەی کردووه، یاخود مەبەستی سوپای سلێمان پاشای باوکیەتی، ئەوەی لە ١٢٣٤ی کۆچییەوه تا ١٢٥٤ حوکمرانیی سولەیمانی کردوە؟!"
قەسیدە درێژەکەی، ئەوەی بۆ سالمی هاوڕێی گیانی به گیانی خۆی ناردووه و ئەوەش تێکڕا پرسیاره له وەزعی سولەیمانی پاش نەمانی دەوری بابانەکان.
غەزەلەکەی، ئەوەی بەبۆنەی سەفەری حەجی (نووری ڕوودباری)یەوه وتوویەتی که وەک له تێکڕای بەیتەکانەوه دەرئەکەوێ خاوەنی ڕێبازی نەقشبەندی و یەکێک بووه له موریدە ناودارەکانی مەولانا خالید (١١٩٧ی.ک-١٧٨٣ی.ز، ١٢٤٢ی.ک-١٨٢٦ی.ز).
سەبارەت بەتەمەنی نالی چەندین بۆچوونی جیاواز: خوالێخۆشبوو "موحەممەد ئەمین زەکی بەگ" دەڵێت: نالی له ساڵانی ١٢٧٣-١٢١٥ دا کۆچیکردووه و ١٨٠٠-١٨٥٦ زایینیدا ژیاوه. دکتۆر "مەعروف خەزنەدار"یش هەر هەمان مێژوو دیاری دەکات، هەروەها دکتۆر "کەمال فوئاد"یش هەمان بۆچوونی هەیه. مامۆستا "عەلائەددین سەجادی"یش دەڵێت: "له ١٧٩٧ی زایینیدا هاتوەته دنیاوه و له ١٨٥٥ دا مردووه."
هەموو ئەم مامۆستایانە، بێجگه له مامۆستا سەج ادی نەبێ، مێژووی لەدایکبوون و مردنی "نالی"یان وەک یەک دانا و بەو پێیه نالی ٥٦ ساڵ ژیاوە. تەنها بەپێی بۆچوونەکەی مامۆستای سەججادی تەمەنی بووه ٥٨ ساڵ.
ئەم جیاوازیەش وەکو سەرنجی بۆ دراوه قسەی مامۆستا سەجادی لەلایەک و دکتۆر خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد له لایەکی ترەوه دەربارەی تەمەنی و ساڵی لەدایکبوونی نالی ئەو بەراوردکردنەی کوردی و مەریوانی و بەدوای ئەوانیشدا مامۆستا عەلی موقبیله، ئەوەی لە پێشەکی دیوانەکەیاندا ساڵی ١٢١٥ی کۆچییان لەگەڵ ساڵی ١٧٩٧ی زایینیدا بەراوردکردووه. جا ئەگەر وەها بێت، ئەوا وەک کوردی و مەریوانی و موقبیل و سەجادی ئەفەرموون نالی ٥٨ ساڵ ژیاوه. بەڵام له ڕۆزنامەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ئەرمەنیی ی"وسف ئەبگارەڤێچ ئۆربێلی"دا ساڵی ١٢١٥ی کۆچی لەگەڵ ساڵی ١٨٠٠-١٨٠١ی زایینی بەرامبەر کراوه. بەپێی ئەمه وەک دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر کەمال فوئاد لەسەری ڕۆیشتون، ساڵی له دایکبوونی نالی دەکاته ١٨٠٠ی زایینی و تەمەنیشی دەبێته ٥٦ ساڵ.
لەوانەی باسکران هیچیان ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی ڕاستەقینه و باوەڕپێکراو ساڵی لەدایکبوون و کۆچی نالی دیاری بکەن. بەڵام هەندێ شت هەیه دەبنه هۆکاری ڕوونکردنەوەی سەردەمی "نالی" و نزیکبوونەوە له زانینی ساڵی له دایکبوون و مردنی.
شەوی یەلدا
بەیەکەم شەوی زستان دەگوترێ" یەلدا".یەلدا ، درێژترین شەوی ساڵ، شەوی یەکەمی بەفرانبار یان" دەی" مانگە.لەم شەوەدا 14 کاتژمێر تاریکی، نیوەی گۆی زەوی دەگرێتەوەو کورتترین رۆژی ساڵ بەدی دێنێ. ئیتر لەمەوبەدوا شەوان بەرەو کورت بوونەوە دەچن و تا یەکەم شەوی وەرزی هاوین، رۆژان درێژ دەبنەوە.
"یەلدا" وشەیەکی سریانیە بە مانای میلادی عەرەبی و لەبەر ئەوەی کە شەوی یەلدایان لەگەڵ لەدایک بوونی مەسیح پێک گرتووە ، ئام ناوەیان بۆداناوە.
کوردیش وەک ئێرانیانی دیکە بەم باوەڕە کە دێوەزمەی تاریکی و رەشیی دوایین شەوی خۆی تێپەڕ دەکا و لەمەو پاش بەرەبەرە لە هێز و وزەی کەم دەبێتەوە ، یەکەم شەوی چلە ی زستان دەکەن بە جەژن و لەسەر ئەم باوەڕن کە شەوی یەلدا بێ بارینی بەفر و باران رۆنەقی نیە.هەروەها باوەڕیان بەوەش هەیە کە خواردنی میوەی سارد و شیرین لەم شەوەدا وادەکات تا لە هاوین دا کەمتر هەست بە گەرما بکەن.
ئێرانیانی کۆن شەوی چلەیان بە نگریس دەزانی و دەیانگوت : لەشەوی یەلدادا کە درێژترین شەوی ساڵە، هێرشی ئەهریمەنی تاریکایی و ڕەشایی بەسەر فریشتەی رووناکی دا ئەنجام دەبێ.ئەوان بۆ پوچەڵ کردنەوەی هێرشی ئەهریمەن و یارمەتی دانی فریشتەی رووناکی ، لەدەوری یەکتر کۆدەبوونەوە و ئاگریان دەکردەوە و تا دوو بەتڵی شەو میوە و چەرەیان دەخوارد و سەما و شادیان دەکرد.ئەوان دەیانگوت بەم کارانە لە دەسەڵات و هێزی دەوەزمەی تاریکی کەم دەبێتەوە و توانایی فریشتەی رووناکی زیاتر دەبێ.
قەدیمیەکان ،بارینی بەفر و باران لە شەوی یەلدایان بە نیشانەی ساڵێکی پڕ خێرو بێر دەزانی.خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەهریمەن شادمانیان دەکرد و بۆنەهێشتنی نگریسی و هێنانەوەی خۆر ، لەدەوری ئاگر کۆدەبوونەوە و فاڵی حافزیان دەگرتەوە.
......................
شەوی یەلدا
شەوی یەلدایە،یا دەیجوورە ئەم شەو
كەدیدەم دورلە تۆ بێ نورە ئەمشەو؟
دڵم وەك حاكمی مەعزولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورەئەمشەو
دڵیش مایل بەدیدەی تۆیە،بۆیە
لەمن وەحشی رەمیدەودوورەئەمشەو
كەتۆی شای كەج كولاهی دیدەمەستان،
چ باكم قەیسەروفەغفوورەئەمشەو؟
لەخەوهەڵساوە،یائاڵۆزەچاوت؟
هەمیشەوایە،یامەخمورە،ئەمشەو
سروشكم نەخشی چاوی تۆ دەكێشێ
جێ كەم سەردارەكەی(مەنسوورە)ئەمشەو
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی (نالی)
لەكونجی بێ كەسی مەهجورە ئەمشەو
نالی