بیستنی به‌سه‌رهاتی ژیانی سه‌ید كامیل ئیمامی (ئاوات) له زمانی خۆیه‌وه, وێنه‌یه‌كی ساڵانی دوورمان بۆدهنخشێنێ: « له ساڵی 1282ی هه‌تاوی(1903) له گوندی زه‌نبیل له بنه‌ماڵه‌ی سه‌یدانی زه‌نبیل له دایك بووم, له شێعردا نازناوی ئاوات م بۆخوم هه‌ڵبژاردووه, بابم خوالێخۆش بوو, سه‌ید عه‌بدولحه‌كیم كوڕی سه‌ید عه‌بدولكه‌ریمی زه‌نبیله كه هه‌ردووكیان له ڕێبه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشی و قادری بوون, له نێو خوێنده‌وار ومه‌لا وفه‌قێ دا چاوم كراوه, قامكی باب ومام وكه‌س وكاری خوێنده‌وار پشت پشتیان بۆكردم, له ساڵی 1291(1912) دا له لای مه‌لا مه‌حموودی مه‌شهور به مه‌لا ڕه‌شه له زه‌نبیل ده‌ستم كرد به خوێندنی سیپاره و ده‌رسه فارسی و عه‌ره‌بیه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه و پاش دو سێ ساڵ له خزمه‌ت كاكم دا خوالێخۆشبو سه‌ید محه‌مه‌د نورانی چووینه خزمه‌ت مامم مه‌رحومی حاجی بابه شێخ له ئاوایی جه‌میان بۆ خوێندن, دو ساڵ له وێ بوین و چوینه دێی تورجان و له لای ماموستا مه‌لا سادقی واسق بیلا درێژه‌مان به خوێندن دا, دوای ساڵ و نیوێك هاتینه‌وه زه‌نبیل و له خزمه‌ت ماموستا مه‌لا عه‌بدوڵای فه‌هیمی ناسراو به مه‌لای ده‌رزیوه‌لی دا خوێندمان, تا ماموستا ماڵی رۆیشت بو ئاوایی كانی سێ‌و كه هه‌ر له‌وێ ئه‌مری خودای به جێ هێنا و ماوه‌ی ساڵێك بێ ده‌رس ماینه‌وه و پاش ئه‌و ساڵه له گه‌ڵ برای زۆر خۆشه‌ویست و به‌رێزو له گیانم شیرین تر كاك هه‌باس ی مه‌شهور به حه‌قیقی چووینه ئاوایی باغچه‌ی سه‌ر به شاری مه‌هاباد و له خزمه‌ت ماموستا مه‌لا سه‌ید كه‌ریمی موده‌ریسی له خوێندن هه‌ڵچووینه‌وه, یه‌كمان گرت و جا وه‌ره ده‌رسان بخوێنه و ده‌وران وه‌كه و هه‌رچی شیعری بیستووته ونه‌ت بیستووه شێوی كه‌و وردی ده‌وه. شیعرمان ده‌كوت و به ده‌سته‌وام تاریفی یه‌كترمان ده‌كرد, مه‌گه‌ر له خه‌وتن دا ده‌نا هه‌ر موشه‌رعێن و شه‌ڕه شیعر و گاڵته وگۆرانی و خۆشی بو, ئه‌وه‌نده‌مان دڵ خۆش بوو هه‌رچیمان ده‌خوێند زۆر زوو له به‌رمان ده‌كرد وماموستا زۆرمان لێ رازی بو, هه‌روه‌ها ئێمه‌ش به ته‌واوی له ژیانمان رازی بووین, چه‌ند جاری دیشم گوتووه به قه‌ولی كوردی سه‌دبریا هه‌ر ئه‌وده‌م مردبام چونكی نه له پێشدا خۆشی وام دیبو, وه نه له پاشان توشی هاتمه‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه كه ساڵێك بو وه‌ك باغچه‌یه‌كی سه‌وز و پڕ گوڵ وایه له كێڵگه‌ی كه‌س نه‌كێڵ و به‌رده ڕه‌قی ژیانمدا. له ساڵی 1309(1930)دا به هۆی ناساغی بابمه‌وه ده‌ستم له خوێندن هه‌ڵگرت و ژنیان بۆ هێنام و سه‌رئه‌نجام له ساڵی 1313(1934)دا بابم وه‌فاتی كرد و دوای ساڵێك ماڵم چووه ئاشی چۆمی زه‌نبیل و ساڵێك له‌وێ بوم و به كشتوكاڵ رامبوارد و منداڵم بون به ریشه‌وه دوایی ماڵم چووه دێێ گه‌ردیگلان. ڕه‌نگه دۆسته‌كانم بزانن كه له سه‌ره‌تای ژیانمه‌وه به ده‌ست و قه‌ڵه‌م و نووسین و گوتن وچه‌ك دژی شا‌و رژیمه‌كه‌ی كارم كرد وماڵم هه‌ر له گه‌ردیگلان بوو, له ساڵی 1325(1946) به ده‌ست به‌كرێ گیراوه‌كانی په‌هله‌وی گیرام و خرامه به‌ندیخانه‌و ماوه‌ی دو ساڵ له زیندانه‌كانی بۆكان و سه‌قز وورمێ ومه‌هاباد دا مامه‌وه, له سه‌ره‌تای 1327(1948)دا ئازادكرام و هاتمه‌وه ماڵێكی سارد وسڕو بێ نان وئاو, چوونكه منداڵه‌كانم ورد بوون و ته‌نیا كاكم پێیان ڕاده‌گه‌یشت, ئه‌ویش خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو به‌ڵام هه‌رچی له پاش منداڵه‌كانی من مابایه‌وه بۆ خۆی و منداڵه‌كانی ده‌یان خوارد, ئیتر ماڵم بۆ خڕنهكراوه و قسه‌ی خۆمان بێ پێشم خۆش نه‌بوو وه‌خڕی كه‌م, به‌شی ئهوشێوهم ببوایه بۆ سبه‌ینێ ده‌مگوت: خودا گه‌وره‌یه وئێسته‌ش هه‌روام. له ساڵی 1329(1950)دا ماڵم چووه ئاوایی جه‌میان و ساڵی 1330(1951) چوومه ئاوایی زه‌نبیل و ساڵی 1332(1953)چوومه ئاوایی شێخ چۆپان هه‌ر له‌و ناوچه و ساڵی 1333(1954) هاتمه‌وه دێی قاقڵاوا دراوسێی زه‌نبیل و ئێستاش هه‌ر له‌و گونده‌م و خه‌ریكی كشت و كاڵم و له باره‌ی هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی ماڵییه‌وه وه‌ك مه‌لا گوته‌نی, به‌ردێكی قورس له حه‌وشه‌ی خۆمانه به جه‌وانی نه‌مده‌توانی به‌رزی كه‌مه‌وه و ئێستاش, كه پیریش بوم هه‌ر بۆم به‌رز نابێته‌وه كه وایه هه‌ر وه‌ك خۆمم.»
سه‌د به‌هار ئێسته به قوربانی چله‌ی زستانه
رۆژی ئازادی هه‌ڵات كاتی له خه‌و هه‌ستانه
نیشتمانه بۆته به‌هه‌شت, سه‌وزه وڵات ودهرودهشت
گه‌رچی زستانه به‌ڵام چه‌شنی بههارستانه
««««»»»»
مافی خۆمه لێم گه‌ڕێن با هه‌روه‌ها بێچاره بم
مه‌سخه‌ره‌ی دۆم و ودڕاجی ئه‌م سه‌ر و خوارهبم
مهمكهنه به‌رموور له به‌رچاوان به ده‌نگ و باسه‌وه
با وه‌پشت گوێم خه‌ن جووانان لێم گه‌ڕێن با گواره بم
ههروهكوریشێكی بێ ئیش جوانه هه‌ر له‌و خواره بم
گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌ی شیعری به زمانی كوردی, سه‌ر ڕای بوونی ده‌سته‌ڵاتی ساواك وهێزه‌كانی سه‌ركوت, پێوه‌ندی ئه‌ده‌بی نێوان شاعیران و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێژه‌ی كوردی و جێگای ئاوات له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌رده‌خا:
ده‌بێ قوربانی وته‌ی نهغزت بم
به فیدای گه‌وهه‌ری پڕمهغزت بم
دڵ له دوریت له خرۆشی تۆیه
واخهمین حه‌ڵقه‌ی به گۆشی تۆیه
مه‌لا شێخ عه‌لی سوننهتهیی (خه‌مین)
دڵی وێران و شیعره‌كانی تۆش
هه‌روه‌كوو جه‌رگی خۆمه توی به توێ
……
باشه چیدی سه‌رت نه‌ێشێنم
هه‌ربژی به‌و زووه له‌شت نهپوێ
خاڵه بۆ دۆستیت هه‌تاماوه
وه‌كوو كێوه له جێی خۆ نابزوێ
حاجی سه‌یید محه‌مه‌د ئه‌مینی به‌رزنجی (خاڵه‌مین)
**********************
ئیمامی نامه‌كه‌ی نامی گه‌یشت ونامه سه‌رچاوم
له‌دووری تۆ ده‌بارێ داییما فرمێسكی خوێناوم
به بێ مانگی موباره‌ك لێم حه‌رامه چاوه‌كه‌م بێ تۆ
پڵاووگۆشت ودۆڵمهومهشكهفی و فرنی و ههلیماوم
….
له ڕێگای عیشقی تۆدا ڕههڕهوانت هیچی ناوه‌ستن
هه‌موویان كامیلن وه‌ك تۆ, نه هه‌ر من سه‌ر له پێناوم
ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وه‌ی دۆستی حه‌قیقی بێ له بیر ناچێ
به قه‌ولی كاعهزیز بێتونهیه پێڵاوی سه‌رچاوم
عه‌بباسی حه‌قیقی(كاكه هه‌باس)
**********************
ئه‌تۆی ئاودێری باغچه‌ی وێژه‌وانی
له باخی وێژه‌دا تۆی باخه‌وانی
ئه‌تۆی پیری به‌بیری به‌یت وباوان
له تۆڕا ئاوه‌دان بوو به‌یت و باوان
…..
ئیمامی تۆ نه‌مامی باخی وێژه‌ی
نه‌باتی زاری بێره ومرخ وچێژهی
دڵت گه‌ش بێ له‌شت ساغ وسه‌رت به‌رز
هه‌موو رۆژو هه‌موو مانگ وهه‌موو وه‌رز
بۆكان: ئیبراهیم ئه‌فخه‌می 15/3/1363هه‌تاوی
**********************
سه‌رده‌مێ تۆبولبولی ده‌نگ خۆشی ئه‌م گوڵزارهبوی
بولبولێكی وا كه له‌م گوڵزاره هه‌ر گوڵچین بووه
خۆم كه خه‌مبارم سه‌یید پێم وایه گشت كه‌س وه‌ك منه
لاله لای وایه دڵی دنیا به خوێن ڕه‌نگین بووه
مه‌هاباد: سهییدعهبدوڵقادر سه‌یاده‌ت سه‌یید1364هه‌تاوی
**********************
نامه‌كه‌ی نامی كه حاكی لوتفی سه‌رشار بووگهیی
شیعری ڕێكت مه‌رهه‌می قهلهبی بریندار بوو گه‌یی
داری پڕبهرگ ولقی دڵ زه‌رد وزارو وشك ورووت
شیعری ئاوداری جه‌نابت ئاوی جۆبار بوو گه‌یی
بۆمنی به‌دبه‌خت وبێچاره وزه‌لیل وپڕله غه‌م
نامه‌كه‌ت ده‌سكێك گوڵی بۆن خۆش وبێ خار بوو گه‌یی
واسیته‌ی قاسیدلهوهختی فكر‌و ئه‌ندیشه وخه‌یاڵ
كاغه‌زت بۆمن چهكیدهی فكری ئه‌حرار بوو گه‌یی
لوتفی بێ حه‌ددو حیسابت قووه‌تی ئیخلاسمه
شیعره‌كانت باعیسی فرمێسكی خۆینبار بووگهیی
من وه‌كوو حه‌زره‌ت له شیعرا كامیل وبێ عه‌یب نیم
شیعری بێ عه‌یبت كه مایه‌ی عوجبی حوززار بوو گه‌یی
سواره ئیڵخانی زاده (سواره)
**********************
شیعروههڵبهستی كامیل شا نیازیان به‌وه نیه من وسهدمنی ونیومنی وه‌ك من بڵێن باشه, نه‌خێر عه‌تر خۆی ده‌رده‌خا و پێی ناوێ عه‌تار به ته‌لاق وسوێندخواردنهوه ڕه‌ش بێته‌وه كه عه‌تری چاكه. به بیروڕای من هێچ بوێژێكی كورد وه‌ك كاك كامیل ناتوانێ به‌هاری كوردهواری وێنه بگرێ, سه‌یریش نیه ئه‌و پیاوه هه‌موو ته‌مه‌نی له لادێ وله كوێستانی كوردستان ژیاوه و زه‌ینی زۆر روونه و هه‌رچی ده‌یبینێ ده‌توانێ له مێشكی‌دا بێ كه‌م كهسری عه‌نباری بكا‌و زۆر به ئامان و زامان نیشانمانی بداته‌وه.
شاگردێكی بچوكی سه‌ید كامیل, عه‌بدولڕه‌حمان هه‌ژار كه‌ره‌ج 18/9/64
سه‌ید كامیل بێجگه له شاعیران ونوسه‌ران دۆستی نزیكی زۆر له هونه‌رمه‌ندان بووه. زیره‌ك و كامیل وه‌ك ده‌نگ خۆش و شاعیر ئه‌ویش له ناو دیوه‌خانی شێخه‌كانی زه‌نبیل, پله‌وپایه‌ی گۆرانی كوردیان به‌رز كرده‌وه. دۆستایه‌تی پیری ده‌یر سه‌ید كامیل و زیره‌كی دڵ ته‌ڕ تاراده‌یه‌ك بووه كه منداڵه‌كانی زیره‌ك له ماڵی سه‌ید كامیل یان بارگای شێخی زه‌نبیل له دایك بوون.
سه‌ید كامیلی ئیمامی هه‌تا ته‌مه‌نی 86 ساڵی (1903-1989)ژیا, به‌ڵام به‌وته‌ی خۆی ته‌نیا ساڵێك خۆشی ژیانی چێشت! دیوانی ئاوات ساڵی 1365 له لایه‌ن سه‌ید نه‌جمه‌دین ئه‌نیسی یه‌وه له چاپ دراوه.
برایم فه‌رشی- ماڵپه‌ڕی بۆكان
**********************
شه‌و
سه‌ید كامیل ئیمامی(ئاوات)
نووری رۆخسارت وه‌ده‌رخه ده‌ردی بێ ده‌رمانه شه‌و
زوڵمه‌تی زولفت له سه‌ر رووته له رۆژ میوانه شه‌و
دوێ شوكورمه‌ردانه من ڕێم برده ناو زولفی ڕه‌شی
تابزانن خه‌ڵكی موڵكی دڵ: قه‌ڵای مێردانه شه‌و
هه‌ر له مه‌غریب تا به‌یانی بێ وچان دێت و ده‌چێ
هه‌رله دووی خورشیدی خاوه‌ر وێڵ و سه‌رگه‌ردانه شه‌و
كوێرونابینایه ئێستا ئه‌و له داخی رۆژی ڕووت
بۆیه ڕه‌ش پۆش و فه‌قیر و مات و به‌سته‌زمانه شه‌و
قه‌دری شه‌و چابگره چاوم, شه‌مع و په‌روانه ده‌ڵێن
سۆزوگریه‌ی شه‌مع هه‌ر شه‌و, سووتنی په‌روانه شه‌و
عاشق و مه‌عشوق له رۆژدا خۆده‌پارێزن له خه‌ڵك
گه‌رپه‌نای چاكت ده‌وێ بۆ ئه‌و دوو؟بڕوانه شه‌و
هه‌سته كامیل به‌سیه بێداری بڕۆلێی وه‌ركه‌وه
تاوڵات بێ ده‌نگ وباسه وتا له رۆژ میوانه شه‌و
شاری دڵ
سه‌ید كامیل ئیمامی (ئاوات)
من ده‌ڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانه ده‌چم
عه‌قڵ ئه‌ڵێ ناقه‌سه‌به‌ی شۆرشی مه‌ستانه نه‌چی
من ده‌ڵێم نوخته‌یی ئه‌و ره‌زه‌یی ریزوانه ده‌چم
ئه‌و ده‌ڵێ نا ره‌شه جێ راوگه‌یی شه‌یتانه نه‌چی
من ده‌ڵێم مه‌سكه‌ن و ئارامگه‌یی جانانه ده‌چم
ئه‌و ده‌ڵێ سه‌ربه‌سه‌ری تێكچووه وێرانه نه‌چی
من ده‌ڵێم جێگه‌یی هه‌ر شێت وجنونانه ده‌چم
ئه‌وده‌ڵێ,نا زه‌ده‌یی په‌نجه‌یی په‌ریانه نه‌چی
من ده‌ڵێم مه‌ركه‌زی ئه‌سراری حه‌ریفانه ده‌چم
ئه‌ده‌ڵێ جێ ته‌مه‌عی چاوی حه‌سودانه نه‌چی
من ده‌ڵێم وه‌ختی خه‌ته‌ر مه‌ئمه‌ن و قه‌ڵغانه ده‌چم
ئه‌و ده‌ڵێ كونكونه جێگه‌ی سه‌ره په‌یكانه نه‌چی
له‌م هه‌موچون و نه‌چونه سه‌ری سوڕما كامیل
من ده‌ڵێم جوانه بچم, ئه‌و ده‌ڵێ واجوانه نه‌چی
نظرات شما عزیزان: